پاش چەند ساڵێک بەردەوامی و بەھۆی ئەوەی کێبەرکێکەی بەرامبەر فەیسبووک و تۆڕەکانی دیکە دۆڕاند، کۆمپانیای گووگڵ بڕیاری دا بە یەکجاریی تۆڕی کۆمەڵایەتیی گووگڵ پڵەس دابخات. پێش ھەفتەیەک ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆڕناڵ لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ زیاد لە ٥٠٠ ھەزار ئەکاونتی گووگڵ پڵەس ھاککراون و زانیارییەکانیان دزراوە، ئەوەی تا ئێستاش کۆمپانیای گووگڵ دانی پێدا نەناوە. 

ئەوەندە نەبێت گووگڵ ڕاگەیەنراوێکی بڵا‌وکردەوە و تیایدا دەڵێت: ئەگەری ئەوەی ھەیە تایبەتمەندییەکانی بەكارهێنەران وەك ناو، ئەو شوێنانەی گەشتت بۆیان کردووە، ناونیشانی ئیمێڵ، رۆژی لەدایكبوون، ڕەگەز، وێنە و فایلی تایبەت، ئیشوكار، باری كۆمەڵایەتی، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ ڕووبەڕووی هەڕەشە بووبێتەوە، لەگەڵ ئەوەش هیچ بەڵگەیەك نییە ئەو زانیارییانە خراپ بەكارهێنرابن.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، گووگڵ ئەوەی ھەڵبژاردووە بەکارھێنەران لەو کەلێنە ئاسایشییە ئاگادار نەکاتەوە، چونکە داخستنی تۆڕەکە بە تەواوەتی یەکێک بووە لە ھەڵبژاردەکانی بەردەمی. کۆمپانیای گووگڵ لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، دوای ١٠ مانگی دیکە و لە مانگی ئابی ٢٠١٩ بە یەکجاریی تۆڕی کۆمە‌ڵایەتیی گووگڵ پڵەس دادەخات، تەواوی زانیارییەکانی بەکارھێنەرانیش لە وێنە و یادگاری و پۆست و زانیاریی دیکە، بە تەواوەتی دەسڕێنەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵ تۆڕی کۆمەڵایەتیی گووگڵ پڵەس ١١١ ملیۆن بەکارھێنەری ھەبووە، لەو ژمارەیە تەنھا ٦.٧ ملیۆنیان چالاک بوون، لەو ژمارەیەش ٣.٥ ملیۆنیان مانگانە و ھەریەکە ٥٠ پۆستی کردووە. 

تۆڕی کۆمەڵایەتیی گووگڵ پڵەس لە ٢٠١١/٦/٢٨ بەشێوەی ئەزموونی ڕاگەیەنرا و دروستکردنی ئەکاونت لەسەری تەنھا لە ڕێگەی داوەتنامەوە بوو لە لایەن ئەو کەسانەی ڕێپێدراو بوون ئەکاونت دروست بکەن، دواتر و لە ٢٠١١/٩/٢٠ بە تەواوەتی کرایەوە و ھەرکەسی سەرو ١٨ ساڵ دەیتوانی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ھەژمارێک بۆ خۆی دروستبکات.

Karwanit



"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...