یاری (پەبجی) بووەتە یەکێک لەو یارییانەی کە چەند مانگێکە کۆنتڕۆڵی گۆڕەپانی یارییە ئەلکترۆنیەکانی تری کردووە و زۆرترین بەکارهێنەری لەنێو گەنج و هەرزەکاران لەسەر ئاستی جیهان بۆ خۆی پەیداکردووە، لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش خەڵکانێکی زۆر لە چینە جیاوازەکان ئالودەی بوون.

یارییەکە بریتیە لە زنجیرەیەک شەڕکردن، کە تیایدا بەکارهێنەران لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و لە ڕێگەی هێڵی ئینتەرنێتەوە بەشداردەبن، دواتریش لەگەڵ یەکتردا بەشێوەی تاک یان کۆمەڵ دەجەنگن و یاریزانەکان چەندین دەستەواژەی توندوتیژی و هاندان بۆ کوشتن بەکاردەهێنن.

توێژەرەوانی کۆمەڵایەتی پێیان وایە ئەو یارییە و هاوشێوەکانی، پاڵ بە گەنجانەوە دەنێن کاری توندوتیژیی بکەن، یان لە هەندێک حاڵەتدا خۆیان بکوژن، دەشڵێن هەر ماوەیەک و جۆرە یارییەک لەنێو گەنج و هەرزەکار و منداڵاندا دەردەکەوێت و دواتریش نامێنن، کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ بوونی دەستێکی شاراوە لە پشت دەکەوتنی ئەو جۆرە یارییانە.

هەر بەوتەی توێژەرەوان، ئەو جۆرە یارییانە بە پلەی یەکەم کاریگەریی خراپی لەسەر منداڵان دەبێت لە ڕووی تەندروستی و خوێندن و کەسایەتی و دەروونی و ڕۆشنبیریی و ئاینی، واش دەکات هەستی شەڕەنگێزیی لە ناخیان دروست ببێت و لە کۆتایشدا هەست بە خەمۆکی بکەن و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش دوورە پەرێزبن.

سەرقاڵبوون بە یاری (پەبجی) یەوە گەیشتووە ئاستێک، هەندێک لە فەرمانبەران لە کاتی دەوامی فەڕمیدا بەکاری دەهێنن، کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر شێوازی کارەکانیان دروستکردووە و هەندێک جار بووەتە هۆکارێک بۆ لەدەستدانی کارەکانیان، تەنانەت لە نێو هاوسەرەکانیشدا کێشەی لێکەوتووەتەوە و حاڵەتی جیابونەوە ڕوویداوە.

لەو چوارچێوەیەدا و لە هەندێک لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا فەتوای حەرامبوونی (پەبجی) و هەندێک لە یارییەکانی تر دراون، بەو پێیەی  بەکارهێنەرانی پێیانەوە ئاڵوودە دەبن و کێشەی کۆمەڵایەتی و دوژمنایەتی بەدواوە دەبێت و لە ماوەی رابردوودا لیژنەی فەتوا لە سلێمانی ئالودەبوون بەو یارییەی حەرامکرد

بەوتەی پسپۆڕانی دەرونناسی، بێکاری، یان بوونی کاتێکی زۆر بە بێ کارکردن، پاڵنەرن بۆ گەنجان و هەرزەکاران تا ڕوو لە بەکارهێنانی زۆرێک لە یارییەکان بکەن لە ئامێری مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیان، بە پێویستیشیان زانیوە خولی هۆشیاری لە خوێندنگە و فەرمانگە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکاندا بکرێن، تا تاک و خێزانەکان لە کاریگەریی خراپی هەندێک جۆر یاری کە (پەبجی) یەکێکیانە هۆشیاربکرێنەوە

پەبجی لەلایەن کۆمپانیای پەبجییەوە، کە کۆمپانیایەکی سەر بە کۆمپانیای بلو ھۆڵی کۆرییە، پەرەی پێ دەدرێت و بڵاو دەکرێتەوە  یارییەکە لە مانگی سێی ٢٠١٧دا بڵاوکرایەوە لەسەر ئامێری ویندۆز و ئێکس بۆکس دواتر لە سەرەتایی ساڵی رابردوو بۆ ھەردوو سیستمی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید دروستکراو لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە.

ئـ. فـ



"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...