ليستى سه‌ركی

ڕاچڵەکین- ماردین عوزێری

پوبجی یەکێکە لە ناودارترین یارییە ئەلیکترۆنییەکانی ئێستای جیهان و لەسەر ئامێرە جیاوازەکان میلیۆنەها کەس رۆژانە یاری پێ دەکەن. یارییەکە کەمتر لە ساڵێکە بڵاوکراوەتەوە و لە ئێستەوە چەندین ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.

پوبجی یارییەکی جەنگییە کە لەسەر هەریەکە لە پلاتفۆرمەکانی ویندۆز و ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ئێکس بۆکس بەردەستە، کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بۆ یەکەمین جار لەسەر سیستمی ویندۆز بڵاوکرایەوە و پاشان لە ٢٠١٨دا لەسەر سیستمەکانی دیکەش بڵاوکرایەوە. بیرۆکەی یەرییەکە لە لایەن برێندان گرینەوە داڕێژراوە و لە لایەن ئەوەوە دیزاین کراوە. 

 

شێوازی یاریکردن
یاریکردنی پەبجی پشت بە چەند رێسایەک دەبەستێت کە وایان کردووە لە یارییە جەنگییەکانی دیکە جیاواز بێت. ئەو کەسەی یاری دەکات کۆنترۆڵی سەربازێک دەکات کە بەهۆی پەڕەشوتەوە دادەبەزێتە سەر نەخشەیەک کە لە یەک کاتدا تا وەکو ١٠٠ کەس دەتوانێت لەخۆ بگرێت. ئامانجی یارییەکە کوشنتی یاریکەرەکانی تر و مانەوەی سەربازەکەی تۆیە تا کۆتایی یارییەکە. ئەم جۆرە لە شەڕکردن لە پێناو مانەوەدا بە شێوە یاریکردنی (باتڵ رۆیاڵ) ناسراوە.

تایبەتمەندییەکی ناوازەی پەبجی هەڵبژاردنی ستایلی تایبەتە، یارییەکە سەدان جل و وردەکاری تێدایە کە یاریکەر دەتوانێت بە ویستی خۆی گۆڕانکاری تێدا بکات و سەربازەکەی ببێتە شتێکی تایبەت بە خۆی.

 

Image result for pubg gameplay

وێنەی ساتێکی ناو یارییەکە


یاریکەر دەتوانێت لەگەڵ هاوڕێکانیدا بە تیمی چوار کەس یان کەمتر بچنە نێو نەخشەکەوە و پێکەوە بە پلان بەرەنگاری یاریکەرەکانی دیکە ببنەوە. ئەم لایەنی یایکردن بە کۆمەڵە یەکێکە لە بەهێزترین لایەنەکانی پەبجی و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ راکێشانی سەرنجی کەسانێکی زۆر بۆ ئەوەی دەستبکەن بەم یارییە.

کاتێک یارییەکە دەست پێ دەکات، یاریکەر هیچ چەکێکی پێ نییە و پێویستە بەر لەوەی بچێتە جەنگەوە بۆ چەک بگەڕێت. کاتێک یاریکەرێک دەکوژرێت دەتوانیت چەک و کەلوپەلەکانی بۆخۆت هەڵبگریت.

لایەنێکی دیکەی بەهێزی یارییەکە بەردەوام بچوکبوونەوەی نەخشەکەیە، لە سەرەتای یارییەکەدا نەخشەکە لە گەورەترین باری خۆیدایە بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات لێواراکانی نەخشەکە دێنە پێشەوە و نەخشەکە وردە وردە بچوک دەبێتەوە، ئەمە وا دەکات یاریکەرەکان لە یەکتری نزیک ببنەوە و ئەگەری دۆزینەوەی یەکتری و شەڕکردن لەگەڵ یەکتریدا زیاد ببێت.

چەند تایبەتمەندییەکی دیکەش هەیە کە چێژ بە یارییەکە دەبەخشێت، لە کات و شوێنی هەڕەمەکیدا فڕۆکە بۆردومانی نەخشەکە دەکات و پێوسیتە یاریکەر بە خێرایی ناوچکە چۆڵ بکات، لە هەندێک کاتی دیکەدا فڕۆکە سندوقی پڕ لە چەک و کەلوپەلی تایبەت بەردەداتەوە و یارەکەرەکان لە پێناو کۆکردنەوەیدا دەجەنگن.


لە کۆتایی یەرییەکەدا، یاریکەر بە گوێرەی چەند بەرگەی گرتووە و چەند سەربازی دیکەی کوشتووە دراو وەردەگرێت کە پاشان دەتوانێت بۆ کڕینی 

شتومەکی ناو یەرییەکە بەکاری بهێنێتەوە. یەک خولی یاریکردن بە گشتی لە ٣٠ خولەک تێپەڕ ناکات.

بیرۆکە و بەرهەمهێنان
بیرۆکەی پەبجی لە لایەن برێندان گرینەوە پەرەی پێ دراوە، بە پێی وتەکانی خۆی، برێندان لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەرهەمهێنانی یارییەکی وەک بەبجی لە خەیاڵدا بووە. برێندان یارییە جەنگییە فرەیاریکەرەکانی دیکەی کردووە و پێی وابووە زوو دەبنە هۆی بێزار بوون بەهۆی ئەوەی نەخشەکانیان بچوکن و بە ئاسانی لەیاددا دەمێنن و روداوی هەڕەمەکی و چاوەڕوان نەکراویان کەم تێدایە.

 

Image result for brendan greene

گرین لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە پەبجی

 

هەر بۆیە برێندان بڕیاریدا کار لەسەر دروستکردنی یەرییەک بکات کە نەخشەکەی فراوان بێت و روداوی چاوەڕواننەکراو بەردەوام ئاڕاستەی یارییەکە بگۆڕێت و یاریکەر لە بێزار بوون و دووبارەبوونەوە بپارێزێت.

گرین لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ کۆمپانیای (بلوهۆڵ)دا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی یاری پەبجی. بەپێی وتەکانی گرین تیمی پەرەپێدانی یارییەکە لە خۆی و ٣٥ کەسی دیکە پێکهاتبوو و بەشێکی زۆریان بەهۆی جۆشوخرۆشی پرۆژەکەوە خۆبەخشانە کاری زیادەیان دەکرد بۆ خێراتر تەواوکردنی یارییەکە. پەبجی لە ناوەڕاستی  ساڵی ٢٠١٧ چەند ڤێرژنێکی تەواونەکراوی بە مەبەستی تاقیکردەوە دەرچوو و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا بە تەواوی کەوتە بەردەست بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر.

 

فرۆش و داهات
پەبجی تەنها لە سێ رۆژی یەکەمی بڵاوبوونەوەیدا لەسەر سیستەمی ویندۆز بایی ١١ ملیۆن دۆلاری لێ فرۆشرا و پاش دوو هەفتە ژمارەی فرۆشەکانیان گەشتە یەک ملیۆن کۆپی فرۆشراو. پاش سێ مانگ لە دەرچوونی، زیاد لە پێنج ملیۆن کۆپی لێ فرۆشرا و زیاد لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی داهاتەکەی بوو. لە کۆتایی ٢٠١٧دا، بەهای کۆمپانیای بلوهۆڵ گەشتبووە زیاد لە ٥ ملیار دۆلار و زیاد لە ٣٠ ملیۆن یاریکەر لە سەرتاسەری جیهان یارییان بە پەبجی دەکرد.

بەپێی دواهەمین ئامارەکان، پەبجی لە مانگی ئابی ئەمساڵدا رۆژانە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەس یاری پێ دەکات و لەسەر هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئایئۆئێس زیاد لە ١٠٠ ملیۆن جار داونلۆد کراوە و لەسەر سیستەمی ویندۆز و ئێکسبۆکس زیاد لە ٥٠ ملیۆن کۆپی لێ فرۆشراوە.

 

خەڵات و رێزلێنان
پوبجی چەندین خەڵات و رێزلێنانی گرنی بەدەست هێناوە، بۆ ساڵی ٢٠١٧ لە رێورەسمی ساڵانەی گۆڵدن جۆیستیک خەڵاتی باشترین یاری فرەیاریکەر و باشترین یاری کۆمپیۆتەری پێ بەخشرا. بۆ ساڵی ٢٠١٨ەش لە رێورەسمی ساڵانەی SXSWدا خەڵاتی باشترین یاری ئەلیکترۆنی پێ بەخشرا و بۆ چەندین خەڵاتی دیکە پاڵێوراوە.

بەبجپی بەپێی ماڵپەڕ و مەگەزینەکانی تایبەت بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان نمرەی هەڵسەنگاندی ناوازەی بەدەست هێناوە:
گەیم ئینفۆرمەر: ٩،٥ لە ١٠
گەیمسپۆت: ٨ لە ١٠
ئای جی ئێن: ٩،٥ لە ١٠
پۆلیگۆن: ١٠ لە ١٠
مێتا کریتیک: ٨٦ لە ١٠٠ بۆ کۆمپیۆتەر و ٨٢ لە ١٠٠ بۆ سیستەمی ئای یۆ ئێس



"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© 2025 ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...