
تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتیی (سناپ چات) زیاد کراوە، کە ئەو تایبەتمەندییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام)دا ماوەیەکی زۆرە بەردەستە.
ڕۆژی ھەینی 9/3/2018، میدیا تەکنۆلۆژییە جیھانییەکان بڵاویان کردەوە، کە بەرپرسانی سناپ چات، تایبەتمەندیی تاگکردن (Tagging)یان بۆ تۆڕەکەیان زیاد کردووە، کە لەمەوپاش ھەر کەسێک وێنەی خۆی و ھاوڕێکەی دابنێت، دەتوانێت لەسەر ڕوخساری ھاوڕێکەی، ناوەکەشی تاگ بکات، ھەر کەسێکیش کلیک لەسەر ناوەکەی بکات، پڕۆفایلی ئەو کەسە دەبێتەوە، کە ناوەکەی تاگ کراوە.
ماوەیەکی زۆرە ئەو تایبەتمەندییە لە ئینستاگرامدا بەردەست بوو، ئێستاش بەرپرسانی سناپ چات بۆ تۆڕەکەی خۆیان زیادیان کردووە، بۆیە میدیا تەکنۆلۆژییە جیھانییەکان باس لەوە دەکەن، کە سناپ چات تایبەتمەندییەکی ئینستاگرامی کۆپی کردووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئێستا ئەو تایبەتمەندییە لە سەرانسەری جیھاندا بەردەست نییە، بەڵام لە چەند ڕۆژێکی داھاتوودا، بۆ سەرجەم بەکارھێنەرانی سناپ چات زیاد دەکرێت.
سناپ چات لە ساڵی 2011دا لەلایەن چەند قوتابییەکی زانکۆی (ستانفۆرد)ی ویلایەتی (کالیفۆرنیا)ی ئەمریکا، بەرھەم ھێنرا و کارا کرا، ئێستاش لە سەرانسەری جیھاندا بەکارھێنەرێکی زۆری ھەیە و زیاتر گەنجان بەکاری دەھێنن، ھەروەھا ڕکابەری لەگەڵ تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک و ئینستاگرام) دەکات

"" به یهك ووشهش بێت رای خۆتان دهربارهی ئهم بابهته دهربرن خۆش حاڵ دهبین ""