کۆمپانیای (فەیسبووک)ی ئەمریکی، بۆ سڕینەوەی چەندین ھەژماری ساختە، داوایەک لە سەرجەم بەکارھێنەرانی دەکات.
دوێنێ چوارشەممە 29/11/2017، ماڵپەڕی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی، ئاگادارییەکی بۆ سەرجەم بەکارھێنەرانی فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆمپانیای فەیسبووک داوا لە سەرجەم بەکارھێنەرانی تۆڕەکەی دەکات، بۆ بەردەوامبوون لە بەکارھێنانی ھەژمارەکانیان، دەبێت وێنەیەکی ڕوونی دەموچاوی خۆیان بۆ کۆمپانیاکە بنێرن.
ڕوونیش کراوەتەوە، کە ئەو داواکارییەی فەیسبووک بۆ ئەوەیە، سەرجەم ئەو ھەژمارانەی ساختەن، یان بۆ ھاککردن و کاری دیکە لە فەیسبووک دانراون، بسڕدرێنەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، کە ئەگەر ھەر کەسێک وێنەی خۆی بۆ فەیسبووک نەنێرێت، ناتوانێت بچێتە نێو ھەژمارەکەی و بەکاری بھێنێت، فەیسبووکیش بەشێوەیەکی خۆکاری (ئۆتۆماتیکی)، داواکارییەکە دەھێنێتە سەر شاشەی ئەو کەسانەی، دەیەوێت وێنەی بۆ کۆمپانیاکە بنێرێت.
کۆمپانیای فەیسبووک دڵنیایی داوەتە سەرجەم بەکارھێنەرانی، کە دوای ئەوەی وێنەکانی بەکارھێنەرانیان بەدەست دەگات و دڵنیا دەبنەوە لەوەی ھەژمارەکەی ساختە نییە، وێنەکانیان لای خۆیان ناھێڵنەوە و دەیسڕنەوە.
فەیسبووک لە ساڵی 2004دا کارا کرا، ئێستاش لە سەرانسەری جیھاندا بەکارھێنەرێکی زۆری ھەیە، ھەروەھا بە یەکەمین تۆڕی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، بەرپرسانی کۆمپانیای فەیسبووکیش، بەردەوام خزمەتگوزاریی بەسوود، بۆ تۆڕەکەیان زیاد دەکەن.
لێرەدا وێنەی داواکارییەکەی فەیسبووک ببينە، ئەگەر شتێکی لەم شێوەیەش ھاتە سەر شاشەی مۆبایل، یان لاپتۆپەکەت، وێنەیەکی دەموچاوی خۆت بۆ فەیسبووک بنێرە.
Basnews
"" به یهك ووشهش بێت رای خۆتان دهربارهی ئهم بابهته دهربرن خۆش حاڵ دهبین ""


