
شارەزایەکی بواری تەکنەلۆجیای زانیاتی (IT) دەڵێت لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆژانە چەندین حاڵەتی جیاوازی هاککردن ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەو کەسانەی هاکدەکەن مشەخۆرن و ناتوانن خۆیان پرۆگرام بۆ هاککردن دانێن و بەکاری بهێنن، وتیشی ئەو کەسانە هەوڵدەدەن هاککردن بۆ بازرگانی و پەیداکردنی پارە بەکاربهێنن.
بڕوا جەزا شارەزای بواری تەکنەلۆجیای زانیاتی (IT) و هاککردن لە بەرنامەی بەیانیت باش کوردستاندا ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی دەڵێن هاک دەکەن وەک مشەخۆرێک پشت بە بەکارهێنانی پرۆگرامی هاکی وڵاتانی دیکە دەبەستن و خۆیان ناتوانن پرۆگرام دانێن بۆ هاککردن.
وتیشی، ڕۆژانە ئەوان زیاتر لە ٢٠ حاڵەتی هاککردن دەبینن و زۆرینەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانیش ئەکاونتی هاوڵاتیان هاک دەکەن بازرگانی دەکەن و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە پارەیان دەستبکەوێت و داوای پارە لە خەڵک دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەگەر هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاری دروست لەبارەی ناوی خۆیان و ژمارەی مۆبایل و ئیمەیڵەوە تۆمار بکەن و هەنگاوەکانی پاراستنی ئەکاونتەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جێبەجێ بکەن، پارێزراو دەبن و کەمترین حاڵەتی هاک ڕوبەڕویان دەبێتەوە.
بەوتەی بڕوا جەزا نوێ کردنەوە (ئەپدەیت)ی بەرنامەکان بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانە و ڕێگەیەکە کۆمپانیاکان بەکاریدەهێنن بۆ پاراستنی بەکارهێنەران لە هاککردن و پێویستە هاوڵاتیان لەکاتی پێویستدا بەرنامەکانیان نوێبکەنەوە.

"" به یهك ووشهش بێت رای خۆتان دهربارهی ئهم بابهته دهربرن خۆش حاڵ دهبین ""