هیچ كەسێك ناتوانێت دەرگا بەڕووی جیهانی بەرفراوانی ئەنتەرنت دابخات، بەڵام لەسەریەتی تا دەتوانێت خۆی بپارێزێت". زۆر بەکورتی، لەم وتارەدا 5 ئامۆژگاری گشتی دەخەینە ڕوو بۆ خەڵك تا یارمەتیان بدات لە پاراستنی زانیارییەكانیان لە سەر ئەنتەرنت . 

1- بەكۆدكردنی (التشفیر) زانیارییەكان : 
پێویستە بایەخ بە بەكۆدكردن بدەن هیچ نەبێت زانیارییە گرنگەكان، پاراستنی نامە ئاڵوگۆڕكراوەكانی ئیمێڵ، ئیدی چالاكوان بن یان رۆژنامەنووس یان پارێزەر، یان لێكۆڵەرو پشتیوان لە مەسەلەیەكی دیاریكراوبكەن، گرنگە بابەت‌و زانیارییەكانتان بپارێزن، تایبەتمەندێتی مافی خۆتانە . بۆیە ئامۆژگاریتان دەكەین سەردانی رێكخراوی EFF.org بكەن بۆ زانینی زیاتر تا هەنگاو بە هەنگاو فێری بە كۆدكردن ببن . ئەوەیشتان لە یاد بێت كە ئیدوارد سنودن بە كۆدكردنی لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ رۆژنامەوانان لۆرا پۆیترس و گلین گرینۆڵد بەكاردەهێنا بۆ پەردەهەڵماڵین لەسەر ئابڕووچوونەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا (وەك لە فیلمی هاوڵاتی چوارەم باسی دەكات) ، ئەو لە هەموو قسەكانیدا ئامۆژگاریمان دەكات بەكۆدكردن بەكار بهێنین . 

2- بەرنامەكانی مۆبایل بۆ گفتوگۆ (چات) : 
أ) رۆژانەو بەشێوەیەكی گشتی بەرنامەی گفتوگۆی بڵاو دەبێتەوە، ئیدی بە دەنگ بێت یان پەیوەندی راستەوخۆ یان چات . ئێمە ئامۆژگاریتان ناكەین بە گۆڕینی شێوازی ژیانتان‌و بە تەواوەتی دەست لەم بەرنامانە هەڵگرن، بگرە دەمانەوێت ئەوە بزانن ئەگەر دەتانەوێت چاتێكی بە كۆدكراوو پارێزراو بكەن لە رێگەی مۆبایلی ژیرەوە، ئەوا پسپۆڕانی بواری ئاسایشی دیجیتاڵی پێیان باشە بەرنامەی سیگنال Signal Private Messenger بەكار بهێنن . لێرەوە دایبگرن :
بۆ بەكارهێنەرانی ئایفۆن iPhone
بۆ بەكارهێنەرانی ئەندرۆید Android   

ب) هەست بە باوەڕ بە خۆبوون دەكەین كاتێك بۆ نموونە لە چوارچێوەی گروپێكی چاتی (واتس ئاپ) ین Whatsapp، بەڵام پێویستە وریای ئەوانە بین كە لە گروپەكە لەگەڵماندان، بە هۆی جیاوازی بۆچوون‌و بيروڕایان و هاوبەشی زانیارییەكانمان لەگەڵ كێ دەكەن، بۆیە پێویستە وریا بین لە چاتكردن لەسەر واتس ئاپ . 

3- بەكارهێنانی فەیسبوك 
فەیسبوك لەو ماڵپەڕانەیە كە هەمووان ڕووی تێدەكەن بۆ زانینی زیاتر لەبارەمانەوە   (زانینی هەموو شتێك لەبارەی دەورووبەرەوە) دەبێت بزانین كە ماڵپەڕەكە كراوەیە لەبەردەم هەمووان‌و هەموو دەچنە ژوورەوەو هەموو شتێك دەزانن لەبارەی ئەوەی بڵاوی دەكەینەوە لە زانیاری ناوەڕۆك و وێنە‌و بیروڕامان‌و ئەو لاپەڕانەی لایكمان كردووەو ئەو گروپانەی ئەندامین تیایدا...هتد. پێویستە وردبینەوە لەو زانیارییانەی كە دەەمانەوێت خەڵك بیبینێت، كۆنترۆڵكردنی تایبەتمەندی هەژمارەكەمان، هاوكات ئامۆژگاریتان دەكەین كە هەندێك تایبەتمەندی خۆپاراستنی هەژمارەكانتان كارا بكەن لەپێناو پاراستنی خۆتان . 

أ) بە بەردەوامی ڕاوكردن phishing لە رێگەی فەیسبوكەوە بەشێوەیەكی بەرچاو ڕودەدات، ئەمە نەك تەنها لە لایەن كەسەكانەوە دەكرێت، بگرە دامەزراوە ئەمنییەكان و سوپا ئەلكترۆنییەكانی پارتە سیاسییەكانیش بۆ كپكردنی دەنگە ناڕازییە نەیارەكانیان ئەنجامی دەدەن . 

ب) وریا بن لە پەلكێشكردنتان بۆ چاتی سێكسی . ئەمە لەسەر چات و ماسنجەری تایبەتی فەیسبوك دەستی پێدەكات و پاشان بە ئابڕووچونێك لەسەر سكایب Skype كۆتایی دێت . خەڵكێكی زۆر كەوتووەتە ئەم داوەوە . لە راپۆرتێكدا كە بەم دوایانە (نیویۆرك تایمز) بڵاویكردووەتەوە هاتووە كە دەستەو تاقمی چەتەی جیهانی ساڵانە 200 ملیۆن دۆلار لەم كارە دەستیان دەكەوێت . 

ج) دەبێت وریا بيت لە وەرگرتنی هاوڕێ‌، وردبەرەوە لە ناوەكان، وێنەی هەژمارەكە، ناوەڕۆكی هەژمارەكە لە ڕووی جۆرایەتی و چەندایەتی . زۆربەی جار نێرەكان دەكەونە داوی ئەم جۆرە هەژمارە ساختانەوە، بەتایبەت ئەگەر وێنەیەكی سەرنجڕاكێشی مێینەیەكی لەسەر بێت، كە رەزامەندیت دەربڕی یان داوای هاوڕێیەتیت كرد خاڵی   (3-ب) ڕوودەدات . بە شێوەیەكی پراكتیكی لەوانەیە تاقمێكی چەتە یان لایەنێك لە پشتەوەی بێت بۆ زیانگەیاندن پێت . دەرئەنجام خۆپاراستنتان لەم هەژمارانە دەبێتە هۆی پاراستنی تۆڕی هاوڕێیانتان . 

4- براوزەری "تۆر" بەكار بهێنە 
لە كاتی چوونە ناو تۆڕی ئەنتەرنت بۆ بەكارهێنانی ماڵپەڕێك، هەموو ئەو ئامرازانەی بەكاری دەهێنیت بۆ چوونە ناو تۆڕەكە (مۆبایل، كۆمپیوتەر، ڕاوتەر، ئەو كۆمپانیایەی خزمەتگوزارییەكەی دابینكردووە، هتد..) شوێنتان دیاری دەكات، بۆیە بۆ شارنەوەی شوێنتان‌و بە كۆدكردنی پەیوەندییەكەتان ئامۆژگاریتان دەكەین بە بەكارهێنانی براوزەری تۆر Tor  . لێرەوە تۆر دابگرە 

5- زانینی ئەگەرەكان لەبارەی هەڕەشەكانەوە 
زۆر گرنگە هەمیشە بیر لە هەڕەشەكان بكەنەوە كە لەوانەیە تووشی ببن، هەروەها زانینی ئەوەی كە هەموو هەڕەشەیەك شێوازی جیاوازی خۆپاراستنی هەیە، ئەم زانیارییانەی كە خستمانەڕوو پەیوەستە بە چۆنێتی پاراستنی ئاسایشی دیجیتاڵیتانەوە، هەروەها زانینی ئەو یاسایانەی كە لەو شوێنەی تیایدا نیشتەجێن . هاوكات ئەو مەترسیانە بزانن كە لەوانەیە لەكاتی بەكارهێنانی ئەنتەرنتدا ڕووبەڕووتان دەبێتەوە، لەگەڵ چۆنێتی چارەسەری و پاراستنی شوناس و تۆڕەكەتان لە هەموو هەڕەشەیەك . 


"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...