بە گوێرەی هەواڵێک کە چاوەڕواندەکرێت ببێتە هۆی نیگەرانی بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیان، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیای بواری مۆبایلە هۆشمەندەکان ڕایانگەیاند، بەم نزیکانە هەزاران ئەپلیکەشنی تایبەت بە مۆبایلی ئایفۆن لەناو دەچن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی کۆمپانیای سەنسۆر تاوەر کە تایبەتە بە لێکدانەوەی بەرنامە و بابەتەکانی ئەپلیکەیشن بە مۆبایلە هۆشمەندەکان ، بەم نزیکانە ١٨٧ هەزار ئەپلیکەیشنی تایبەت بە مۆبایلی ئایفۆن لەناودەچن.

کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە، لەناوچوونەکانیش لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە کۆمپانیای ئەپڵ سیستمی چاوەڕوانکراوی ئای ئۆ ئێسی ١١ دەخاتە بەردەست.

کۆمپانیای ئەپڵ بەر لە خستنەڕووی هەر سیستمێکی نوێی ئیشپێکردن، داوا لە پرۆگرامسازەکانی تایبەت بە ئەپلیکەیشنەکان دەکات گەشە بە بەرنامە و ئەپلیکەیشنەکانیان بدەن، بۆئەوەی بگونجێت لەگەڵ سیستمەکانی نوێی کارپێکردن، بەڵام کۆمپانیای ئەپڵ هۆشداری ئەوەشی داوە کە هەندێک لە ئەپلیکەیشنەکان لەگەڵ سیستمی کارپێکردنی داهاتوودا ناگونجێت، ئەوەش ئەو گومانانەی دروستکردووە کە ئەپڵ دەستبەرداری کۆمەککردنیان بووبێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیای سەنسۆر تاوەر ڕێژەی ئەو ئەپلیکەیشنانەی کە لەگەڵ سیستمی داهاتووی ئای ئۆ ئێسی ١١ کارناکەن لە ٨%ی سەرجەم ئەپلیکەشنەکانی تایبەت بە ئایفۆنە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە، زۆربەی ئەو بەرنامانەی کە کۆتاییان دێت، بەزۆری ئەوانەن کە بەر لە دەرچوونی ئایفۆنی جۆری ٥ ئێس لە ساڵی ٢٠١٣ دا دەرچوون و تا ئێستا نوێنەکراونەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە چاوەڕواندەکرێت لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا سیستمی ئای ئۆ ئێسی ١١ بەردەست ببێت، بەڵام تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی داهاتووی کۆمپانیای ئەپڵ تا ئێستاش بە ناڕوونی ماوەتەوە.


"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...