
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئەمەریکا بڕیاری قەدەغەکردنی هەڵگرتنی مۆبایلی سامسۆنگ گالاکسی نۆت ٧ بۆ ناو فڕۆکە دەرکرد، دوای دەرکەوتنی ئەوەی کە پاترییەکەی گڕدەگرێت.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئەمەریکا لە راگەیەنراوێکدا ئەو کەسانەی ئاگادارکردەوە کە مۆبالی جۆری گالاکسی نۆت ٧ یان هەیە، لەکاتی گەشتکردن یاخود هاتن لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بە فڕۆکە، رێگەیان پێنادرێت ئەو جۆرە مۆبایلە لەناو جانتاکانیان دابنێن یاخود بیخەنە بەشی تەرخانکراو بۆ دانانی شتومەک و کەلوپەل لە ناو فڕۆکە.
بڕیاری قەدەغەکردنەکە هەموو جۆرە مۆبایلەکانی گالاکسی نۆت ٧ دەگرێتەوە، لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەو جۆرە مۆبایلانە لەڕێی کۆمپانیاکانی پۆستە و گەیاندنیشەوە ناگوێزرێنەوە، بڕیارەکەش لە ئەمڕۆ رۆژی شەممە ١٥ی تشرینی یەکەم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
راگەیەنراوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەر گەشتیارێک پابەند نەبێت بەو یاسایە دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا دەگیرێت و سزای مادی بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەروەها لە راگەیەنراوەکە هۆشداری دراوەتە گەشتیاران کە بەهۆی ئەوەی شاردنەوەی مۆبایلەکەنیان لەناو جانتاکانیان مەترسی زیاتری هەیە، بۆیە رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر لەدژی ئەو گەشتیارانە.
ئەنتۆنی فۆکس وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەمەریکا، لەبارەی راگەیەنراوەکەوە وتوویەتى "ئێمە دان بەوەدادەنێین کە قەدەغەکردنی ئەم جۆرە مۆبایلانە بۆ ناو فڕۆکە ژمارەیەک لە گەشتیاران هەراسان دەکات. بەڵام ناچارین بۆ پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران هەموو رێوشوێنێک بگرینەبەر".
ئەمەش لە دواى ئەوە هات، كۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی سامسۆنگی جۆری گالاکسی نۆت ٧ بەرهەمهێنا و خستیە بازاڕ، بەڵام بەهۆی بەردەوامی گڕگرتن داوای لەبەکارهێنەرانی کرد ئەو جۆرە مۆبایلە بکوژێننەوە و بەکاری نەهێنن و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەو جۆرە مۆبایلەیشی راگرت.

"" به یهك ووشهش بێت رای خۆتان دهربارهی ئهم بابهته دهربرن خۆش حاڵ دهبین ""
