تاوانی ئینتەرنێتی بازرگانییەکی نایاسایی ملیۆنان دۆلارییە کە دامەزراوە و کەسەکان وەک یەک دەکاتە ئامانج، بە جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی ئاسان دەتوانیت لەم ڕووەوە پارێزراو بیت.
لە گفتوگۆیەکی سایتی Tech insider لەگەڵ ئەندازیاری توێژینەوە و گەشەپێدەر، Kyle Lady، لەبارەی چۆنێتی دزەکردنی هاککەران بۆ ناو سیستمەکان و باشترین ڕێگاکانی ڕێگریکردن لەم کارە چەند ئامۆژگارییەک خراونەتەڕوو:
١-بەکارهێنانی پاسوۆردێک کە بەلایەنی کەمەوە کەمتر نەبێت لە ١٤ نیشانە و وشەکەش لە فەرهەنگدا بوونی نەبێت.
خراپترین ٢٥ پاسوۆردەکانی ساڵی ٢٠١٥ لە نێویشیاندا "١٢٣٤٥٦"، "football"، "password" پاسوۆردێکن کە لەلایەن هێرشبەرانەوە بە ئاسانی پەییان پێدەبرێت.
لێرەدا باس لە چۆنێتی خۆپاراستن لەو سۆفت وێرانە دەکەین کە لەبەردەستی هاککەراندان و توانای ئاشکراکردنی سەدان و هەزاران پاسوۆردیان هەیە لە چرکەیەکدا.
لەم ڕووەوە ناوبراو پێی باشە پاسوۆردێک بەکاربهێنرێت کە کەمتر نەبێت لە ١٤ نیشانەی گەورە و بچووک و لەنێویشیاندا سیمبول هەبێت وەک: "SYd#2n3l_!p4ss"، بەڵام هۆشداری دەدات لە لەبیرنەکردنی ئەم جۆرە پاسوۆردانە لەلایەن بەکارهێنەرەوە.
٢-سوودوەرگرتن لە پاسوۆرد مەنیجەرێک، بەمەش پێویست نابێت هەموو پاسوۆردەکانت بیربێتەوە.
پاسوۆرد مەنیجەرێک دەتوانێت بەسەلامەتی گشت پاسۆوردەکانت هەڵبگریت هەر لە ئیمایلەکەتەوە تا حسابە بانکیەکەت لە یەک جێگادا. بەم شێوەیەش پێویست ناکات سەرجەم پاسوۆردەکانت وەبیربێنیتەوە.
لەبری ئەوەی خۆت پاسوۆردێکی بەهێز دابنێیت کە پڕبێت لە پیت و سیمبولی جۆراوجۆر، زۆربەی پاسوۆرد مەنیجەرەکان دەتوانن پاسوۆردێکی زۆر بەهێزت بۆ پێکبێنن.
٣- پشتڕاستکردنەوە بەگەڕبخە تا ئەکاونتەکەت بە سەلامەتی بمێنێتەوە لەکاتێکدا ئەگەر پاسوۆردەکەشت هاککرابێت.
پشتڕاستکردنەوە ستانداردێکە بۆ سەلامەتی پاسوۆرد
لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەدا بەکارهێنەر دوای داخڵکردنی پاسوۆرد داوای کۆدێکی لێدەکرێت. ئەم کۆدەش لەڕێگەی نامەیەکەوە پێشتر بۆ بەکارهێنەر هاتووە.
ئەم هەنگاوەش بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم هاککەراندا، چونکە واپێویست دەکات دەست بەسەر مۆبایلی بەکارهێنەردا بگیرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە.
٤- ئاگاداری ئەو ئیمەیلانەبە کە داوات لێدەکات کارێک ئەنجام بدەیت، یان نامە و پەیوەندی تەلەفۆنی دەربارەی سەلامەتی ئەکاونتەکەت.
نزیکەی %٩١ی هەڕەشەکانی ئینتەرنێت بە ئاراستەکردنی ئیمەیلێک دەستپێدەکات، ئەمەش داوێکە کە دیزاینکراوە بۆ بەئامانجکردنی کەسێک بە کلیککردنی لە لینکێک و داونلۆدکردنی ڤایرۆس، تا لەو ڕێگەیەوە دەست بەسەر پاسوۆردەکەیدا بگیرێت.
بەهەمان شێوە بەکارهێنەر لەڕێگەی نامە و پەیوەندی تەلەفۆنیەوە دەکرێتە ئامانج. بۆیە پێویستە بەکارهێنەر خۆی لەو نامە و پەیوەندییانە بەدووربگرێت کە وادەردەکەون لە کۆمپانیای خزمەتگوزاری بەشداربووانەوە نێردرابن.
مالبهری زانیاری
"" به یهك ووشهش بێت رای خۆتان دهربارهی ئهم بابهته دهربرن خۆش حاڵ دهبین ""



