
ڕۆژی شەممە 6/5/2018، ماڵپەڕی (تێک تایمز)ی ئەمریکی ئاگادارییەکی بۆ سەرجەم بەکارھێنەرانی ماسنجەری فەیسبووک بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ھاکەران ڤایرۆسێکی نوێیان داناوە و لەڕێگەی لینکی یوتیوبی ساختەوە، بۆ بەکارھێنەرانی ماسنجەری فەیسبووکی دەنێرن. باس لەوەش کراوە، کە ئەو لینکە دەکەیەوە، پێت دەڵێت براوسەری (گووگڵ کرۆم) دابەزێنە، بەڵام نابێت ئەو ھەنگاوە جێبەجێ بکەیت، چونکە لە ڕاستیدا ئەو براوسەرە نییە و ڤایرۆس دێتە نێو مۆبایل، یان کۆمپیوتەرەکەت.
ئەو ماڵپەڕە ڕوونیشی کردووەتەوە، کە ھاکەران لەڕێگەی ئەو ڤایرۆسەوە، دەتوانن ژمارەی نھێنی (پاسوۆرد)ی فەیسبووک و ھەژماری بانکیی بەکارھێنەرانی ماسنجەری فەیسبووک ھاک بکەن. بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسەش، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پێش ئەوەی ھەر لینکێک بکەیتەوە، پێویستە بە وردی سەیری بکەیت و بزانیت ساختەیە، یان نا، بۆیە ئەگەر لینکی ساختەت بینی، بەخێرایی نامەکە بسڕەوە و کلیکی لەسەر مەکە.
پڕۆگرامی ماسنجەری فەیسبووک، لە ساڵی 2011دا کارا کرا، ئێستاش بەکارھێنەرێکی زۆری لە سەرانسەری جیھاندا ھەیە، کۆمپانیای (فەیسبووک)ی ئەمریکی خاوەنیەتی، ھەروەھا بە یەکێک لە باشترین پڕۆگرامەکانی تۆڕی پەیوەندی دادەنرێت.

"" به یهك ووشهش بێت رای خۆتان دهربارهی ئهم بابهته دهربرن خۆش حاڵ دهبین ""