کۆمپانیای ڤێریزۆن بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان پاش کڕینی ماڵپەڕی یاهوو دەیەوێت ببێتە ڕکابەرێکی سەرەکی هەریەکە لە کۆمپانیاکانی گوگڵ و فەیسبووک.
لۆوێڵ مکادم بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای ڤێریزۆن ڕایگەیاند گرێبەستی کڕینی یاهوو کە ٤ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە کۆمپانیاکە دەکاتە یاریزانێکی دیار لە بواری دیجیتاڵ میدیادا. لۆوێڵ پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٢٠ سەرمایەگوزاری لەم بوارەدا بۆ ١٨٠ ملیار دۆلار زیادبکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ کۆمپانیای گوگڵ زۆرینەی داهاتی دەسکەوتووە لەبواری دیجیتاڵ میدیا و ریکلام لەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان. ئەمەش بە ٣١%ی تەواوی داهاتەکان دادەنرێت. لە پاش گوگڵ کۆمپانیای فەیسبووک دێت کە ١٢%ی بازاڕی بەدەستەوەیە. هەرچی کۆمپانیاکانی دیکەشن وەکو یاهوو و ئەی ئۆ ئێڵ تەنها ٢.٢%یان بەردەکەوێت.
بەڕێوەبەری ڤێریزۆن کە ئێستا خاوەنی یاهووە نایشارێتەوە کە ئێستا یاهوو لە چاو گوگڵ و فەیسبووکدا بەشێکی کەمی بازاڕی بەدەستەوەیە. بەڵام دەشڵێت کە لە ئێستادا ئامانجیان بەدەستهێنانی پشکی موستەحەقی خۆیانە و ئەوە بە سەرکەوتن دەزانن. لە دواییشدا ئامانجی نوێی دیکەیان دەبێت.
"" به یهك ووشهش بێت رای خۆتان دهربارهی ئهم بابهته دهربرن خۆش حاڵ دهبین ""



